وەزارەتی کارەبا: توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی کارەبا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکرێتەوە

وەزارەتی کارەبا هەرێمی کوردستان-عێراق رایدەگەیەنێت، توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکرێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیەندراوەتە 1600 مێگاوات. ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری بە (وەكالەت)ـی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە راگەیەندراوێکدا سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی کرد کە "پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات". بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، بە پلانێكی تۆكمە توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە کێڵگەکە بکرێتەوە و ڕێگە نەدراوە كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات. وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ کردووە، "ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەكردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".