وەزارەتی دارایی لەبارەی بەکارهێنانی داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی فەرمانبەران روونکردنەوە دەدات

بەرێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لێکدانەوەی هەڵە بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێم کراوە، دەوترێت داهاتی ناوخۆ 320 ملیار دینارە بەڵام داهاتی کۆتایی ناوخۆ 170 ملیار دینارە، چونکە ئەو بەرێوەبەرایەتییانەی داهاتی ناوخۆ پەیدا دەکەن 25٪ی دەگەرێتەوە بۆ وەزارەکەیان و بەکاری دەهێننەوە، بۆیە ناتوانرێت تەواوی داهاتی ناوخۆ لە مووچەدا بەکاربهێنرێت. مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بە هەڵە لێكدانەوە لە بابەتی هەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێم هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەوترێت 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژمار بكەین، بزانین چەندە. ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات هەژمار كراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە. وتیشی، " "داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە 170 ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە." ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، بۆ نموونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ 25%ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئەوان نییە، تاوەكو بەكاری بهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن. مەولود سابیر باسی لەوەشکرد، وەكو حكومەت بە شەفافی كار دەكەن و داتاكانیش هەمووی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەكو نەقد بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجیی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە.