چەند بەنزینخانەیەک لە هەولێر داخران

بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی كوالێتی خراپەوە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەكەی، ژمارەیەك بەنزینخانەی شاری هەولێر داخران و قائیمقامیەتی شارەكەش ناوەكانیان بڵاودەكاتەوە.

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەدرێژەی بەدواداچوون و چاودێریكردنی ڵژنەكان و بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی كوالێتی خراپ و پابەند نەبوونیان بەڕێنماییەكان، حەوت وێستگەی بەنزین (بەنزینخانە) لەشاری هەولێر داخران و سزادران لەكۆی 50 وێستگە كە لە 29ی تەمموزی 2023 تاوەكو 4ی ئابی 2023 پشكنینیان بۆ كراوە.

ئەو وێستگانەی داخراون (وێستگەی هێمن، وێستگەی هاونیشتیمان، وێستگەی ڕەوەند، وێستگەی دڵنیا، وێستگەی گارە،  وێستگەی پەیام، وێستگەی ماردین)

ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك نرخی بەنزین لەبەنزیخانەكان بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لەبەرزبوونەوە كردووە بۆ هەریەك لەجۆرەكانی سۆپەر و محەسەن و نۆرماڵ نزیكەی 250 دینار زیادی كردووە.

لە نوێترین پەیامیشیدا، دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمبوونەوەی بەنزین و دابەزاندنی نرخەكەی، بڕی 540 هەزار لیتر بەنزین گەیشتوەتە هەرێم و لە بەنزینخانەكان بە نرخی 750 دینار دابەشدەكرێت.