لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تاوتوێ دەکەن

سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و راگەیەندراوی کۆتایی نێوان شاندی تورکیا و عێراق تاوتوێ دەکەن. ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19ی ئاداری 2024 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، گوزەران و خزمەتگوزاری لە وڵات، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهان، ئەوەش جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق . وەکو لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی و لەتیف رەشید جەختیان کردەوە لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی کەمپەکان بە تەواوی لەو ماوەیەی کە حکومەت دیاریکردووە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی راگەیێندراوی کۆتایی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا و رەنگدانەوەی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی کرا.