باڵيۆزى ئێران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/9/11 محه‌ممه‌د كازم ئال سادق، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق، لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە. سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ لای نێچیرڤان بارزانی، ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند، لە‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم، رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، تاوتوێ كران. سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگى هه‌رێم كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێم پابه‌ندى رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا كه‌ هه‌رگيز رێگه‌ ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمەوە بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت. لە لایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە محه‌ممه‌د كازم ئال سادق، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق کرد. لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێم دەربڕی بۆ ئەو ئاسانکاری و هاریکارییەی پێشکەشی زیارەتکارانی ئێرانی کرد کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمەوە هاتنە عێراق و بەشدارییان لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا کرد . باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێم و بەتایبەتی شاری هەولێری کرد. چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.