لێدوانی دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکە


دۆناڵد ترەمپ دوای هەوڵی کوشتنی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: تەندروستیم باشە و تەنها بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستم بریندار بووە.

دوای ئەوەی لە ویلایەتی پێنسلڤەینیای ئەمەریکا تەقەی لێ کرا، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پەیامێکی لە تۆڕی "زە تروس" بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: سەرباری سوپاسکردنی هێزە ئەمنییەکان و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسەی لە ڕووداوەکەدا کوژرا، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کاری وا لە ئەمریکا ڕوودەدات.

سەبارەت بە ڕووداوەکە ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە "گولـلەکە پێستی بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی بڕیوە، لەو کاتەدا هەستی بە شتێکی نامۆ کردووە و خوێنی زۆر لێ هاتووە. دواتر زانیویەتی تەقەی لێ کراوە".

تڕەمپ جەختیشی لەوە کردووەتەوە، "هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تەقەکەرەکە لەبەردەستدا نییە".

شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمەریکا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە بۆ هەوادارانی و لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە. لە ئەنجامی ڕووداوەکە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی کوژراوە تەقەکەرەکە بووە".

هاوکات کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و لە دۆخی تەندروستیی پرسیوە.