سەرۆکی ئاژانسی تیکا سەردانی گروپی میدیایی تەبای کرد

سەردار کایالار، سەرۆکی ئاژانسی ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکیا (تیکا) بەیاوەری ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەردانی گروپی میدیایی تەبای کرد لە هەولێر و لەلایەن محەمەد فەرید ئەربیلئۆغلو، بەڕێوبەری گشتی گروپی میدیایی تەبا پێشوازی لێکرا. لە سەردانەکەدا وێرای بەسەرکردنەوەی گشت بەشەکانی دامەزراوەکە، هەروەها لە مەڕاسیمێکی فەرمی رادیۆی تەبا-یان کردەوە، کە ئامێرەکانی رادیۆکە لەلایەن ئاژانسی ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکیا (تیکا) دابینکراوە. ستافی بەڕێوەبەرانی تەبا وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان و دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە، بەکورتی باسییان لە ئەرک و ئامانجەکانی دامەزراوەکە کرد، کە بریتییە لە گەیاندنی دەنگ و رەنگ و کولتووری پێکهاتەی تورکمان لە هەرێم. لەمبارەیەوە جەخت لەوە کرایەوە کە گروپی میدیایی تەبا وەکو تاکە ئاژانسی تورکمانی جێی متمانە کە بەهەردوو زمانی کوردی و تورکی پەخشی خۆی دەکات لەهەولێر، لە ئێستادا توانیویەتی متمانەی بینەر و بیسەرانی لەگشت لایەک بەتایبەتی نەتەوەی تورکمان بۆلای خۆی راکێشێت. سەردار کایالار لە لێدوانێکیدا لەبارەی سەردانەکەی وتی، " ئەو هاوکارییەی کە پێشکەشی تەبا ئێف ئێم-مان کردووە رەنگدانەوەی جوانی هاوکارییەکانمانە بەرامبەر بە برا تورکمانەکانمان. رادیۆکە بە ئامێری مۆدێرن دامەزراوە، هەروەها دەرفەتی پەخشی راستەوخۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەڕەخسێنێت".