سەرۆککۆماری عێراق: دەبێت سووتاندنی قورئانی پیرۆز رابگیرێت

سەرۆککۆماری عێراق "بە تووندی" سەرکۆنەی رێگەدان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لە سوێد دەکات و بە "هەڵسوکەوتێکی نابەرپرسانە" ناوی دەبات. دەشڵێت ئەم رووداوانە دەبنە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر و تووڕەیی زیاد دەکەن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، "سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، بە تووندی ئەو هەڵسوکەوتە نابەرپرسانە مەحکوم دەکات کە بۆ جارێکی دیکە هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەستدرێژکردنە سەر پەرتوکی پیرۆزی خودا و ئاڵای دەوڵەتی عێراق دەدرێت، بە سەرسوڕمانێکی زۆریشەوە لەنەگرتنەبەری هیچ رێکارێکی پێویست لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوێدەوە دەڕوانێت کە پێویستە لەسەر دەوڵەتێک کە رێزدەگرێت لە بیروباوەڕ و پیرۆزییەکان هەڵوێستی هەبێ و ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەرەو ئاڵۆزی زیاتری کێشەکە و هەست و سۆز و توڕەیی فراوانتر دەکات، ئەم پێشێلکارییانە دەبێت رابگیرێن و کۆتاییان پێبهێنرێت." 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار، د. عەبدوللـەتیف رەشید "لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داوا لە سوێد دەکات رێز لە هەستی موسڵمانان بگرێت و رێگری لەم رەفتارە لەڕێلادراوە بکات." 

هاوکات، سەرۆککۆمار پشتیوانی لە مافی رادەربڕینی ئاشتییانە دەکات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم کردەوانە، "بە لەبەرچاوگرتنی رێزگرتن لە بەرپرسیارێتیی وڵات لە پاراستنی نەریتە دیپلۆماسیەکان و پابەندبوون بە عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکان."