لەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت وەزارەتی دارایی روونکردنەوە دەدات

وەزارەتى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بڕیارە لە نێوان (20 بۆ 25)ى ئەم مانگە، گوژمەى دووەمى ئەو پارەیەى وەک قەرز لەگەڵ بەغداد لەسەرى رێککەوتوین بگاتە هەرێم، دەشڵێت: بەرچاومان روونە بۆ دابەشکردنى مووچەى دوو مانگى دیکە و دواتریش هەوڵ دەدەین بگەین بۆ چارەسەر و لە ساڵى نوێدا گرفتى دواخستنى مووچە، نەمێنێت.


لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەبارەى خەرجى و داهاتەکانى حکومەتى هەرێم و موچەى فەرمانبەرا، وەزارەتى دارایى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا و بە وتەى هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى، بڕیار بوو بەغدا بۆ سێ مانگ بڕی 700 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، مانگی رابردوو گوژمەى یەکەمى ئەو سلفەیەى ناردووە و بڕیارە ئەم مانگەیش لەنێوان 20-25ی مانگ پارە بنێردرێت.

دەشڵێت: بەگەیشتنى پارەکە، راستەوخۆ دەست دەکەین بە ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى ئاب.

جەختیش دەکاتەوە، ئێستا بەرچاویان روونە بۆ دابەشکردنى مووچەى دوو مانگى داهاتوو، دواتریش هەوڵ دەدەن لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، کێشەى مووچە چارەسەر بکەن.

لەبارەى داهاتى ناوخۆوە، تیمى وەزارەتى دارایى لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا روونیان کردەوە کە داهاتى ناوخۆ ئەوەى هەیە وەک ژمارە راگەیەنراوە و 320 ملیارە، بەڵام ئەو پارەیە کاش نییە و بەشێکى چەکە و بەشێکى قەرزە، بۆیە هەندێ لایەن و میدیا راستى ژمارەى داهاتى ناوخۆ دەشێوێنن، چونکە ئەو 320 ملیارە بەشێکى بۆ وەزارەتەکانە و بەشێکى بۆ خزمەتگوزارییە و بەشێک قەرزە و بەشێکیشى چەکە، بۆیە ئەوەى دەمێنێتەوە 320 ملیار دینار نییە.


سەبارەت بە کێشەى میلاکى فەرمانبەران لە نێوان هەرێم و بەغداد، وتەبێژى وەزارەتى دارایى رایگەیاند: ئێمە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایى بەغداد، لیستى میلاکاتى فەرمانبەرانى هەرێم لاى ئەوان راستاندنى بۆ کراوە و ئێستا لیژنەیەکى چاودێرى دارایى لێرەن بۆ ئەوەى وردبینى لە تەواوى ئەو زانیاریی و داتایانە بکەن سەبارەت بە ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێم و بڕى موچەکانیان.

ئاماژەى بەوەشکرد، راستە ماوەى 10 ساڵ دابڕان لە نێوان بەغداد و هەرێم هەبووە، هەرێم بە سیستمێک کاریان کردووە و ئەوان بە سیستمێکى دیکە، بەڵام وەک هونەر جەمال باسى لێوەکرد، ئێمەبە بەردەوامى لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەى هەموو ئەو شتانە رێک بکەینەوەو ئەو کێشە و گرفتانەى هەیە لە سیستمى ژمێریاریدا چارەسەر بکەین.

جەختیش دەکاتەوە، ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم تا ڕادەیەکى زۆر لاى بەغداد روونە، ئەوەى ماوەتەوە ژمارەى خانەنشینان و سوودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتییە کە ئەوەش هەموو داتاکانى ئامادەیە و وەزارەتى دارایى هەرێم دەیخاتە بەردەستییان.

سەبارەت بە دوواکەوتنى سەردانى وەزیرى دارایى هەرێم بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، وتەبێژى وەزارەتى دارایى هۆکارەکەى گەڕاندەوە بۆ ئەوەى لە ئێستادا لیژنەیەکى چاودێرى دارایى بەغداد لێرەن و وردبینى دەکەن، بۆیە پێویست بوو وەزیرى دارایى لێرەبێت.