وتەبێژی حکومەت: مووچەی خەڵکی هەرێم لە بەغدادەوە بەدیل گیراوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە بەدیل گیراوە و نەناردنى پێچەوانەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە.

پێشەوا هەورامانى، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جگە لە بیانووگرتنى ناڕەوا هیچ بیانوییەک بۆ نەناردنى مووچە لەلایەن بەغدادەوە نییە.

وتیشی، مووچەى خەڵکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدادەوە بەدیل گیراوە و نەناردنى مووچە وەک گێچەڵگرتنێکى سیاسیی دەبینین.

پێشەوا هەورامانى ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارى دابەشنەکردنى مووچە پەڵپگرتنى سیاسییە و نەناردنى مووچە پێچەوانەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختیکردەوە کە هەموو داواکارییەکانى حکومەتى فیدراڵ و وەزارەتى دارایی عێراق لەبارەى مووچەوە جێبەجێکراوە.