دادگای فیدڕاڵی پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێم تاوتوێدەکات

بڕیارە 21ى ئەم مانگە دادگاى باڵاى فیدراڵى لەسەر حەوت سکاڵا کۆببێتەوە، پێنج سکاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستانی عێراقە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە ماڵپەرەکەیدا خشتەى دانیشتنەکانى رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2024ى دادگاکەى بڵاوکردووەتەوە کە تاوتوێى حەوت سکاڵا دەکات و لەو ژمارەیەش پێنج سکاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستانی عێراق. بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکە، سێ دۆسییەیان سکاڵایەکە کە لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و وەزیری دارایی هەرێم تۆمارکراوە، کە تایبەتن بە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. یەکێک لە سکاڵاکانیش تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لەدژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەکانى هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار کراوە، سەبارەت بە نادەستورییبوونی جێبەجێکردنی یاسای دژ بە تیرۆری ژمارە 3ی ساڵی 2006ی پەرلەمانی کوردستان. سەرجەم داواکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەمانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە دواخراون بۆ ئەم مانگە، کە بڕیارە رۆژی 21ی مانگ دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنیان لەسەر ئەنجام بدات.