یەکێتی: بایکۆتی مامۆستایان جگە لە زیان ئەنجامی دیکەی نەبووە

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بایکۆتی مامۆستایان جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەو دەڤەرە "زەرەرمەندی سەرەکی دەبن"، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە. ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حیزبە کۆبووەوە. راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان بەسەر چەند تەوەرێک دابەشبووە، دیارترینیان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و بایکۆتی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن. لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پشتگیری خۆی بۆ مافی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەربڕیوە، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپێشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت". هەروەها کردنەوەی قوتابخانەکان و بەردەوامی پرۆسەی خوێندن دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، مامۆستایان، لایەنە سیاسیەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان. لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک کە رۆژی 18-12-2023 بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، "سەرکەوتنی گەورە و مێژووی"ـیان بەدەستهێناوە. هەروەها رەتیدەکاتەوە هێڵی سووریان لەسەر هیچ پێکهاتەیەکی شاری کەرکووک هەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، "کۆبوونەوە دووپاتیکردەوە کە پشت دەبەستێت بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال، لەگەڵ هەموو هێزە کوردستانی و عيراقییەکان دانوستان دەکات و هێڵی سوور بەرامبەر هیچ پێکهاتەیەک نییە بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی ئیدارەیێکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و سیاسی".