گەڕان بەدوای تەرمی كارگوزارەكەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەردەوامە

ئەمڕۆ شەممە 2024.1.20، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بەردەوامی پڕۆسەی گەڕان و پشكنینی تیمەكانی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو كارگوزارە فلیپینییەی كە لە هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی شەهید بوو، سەردانی شوێنی ڕووداوەكەیان كرد.


لە سەردانەكەیان دەستخۆشیان لە تیمەكانی بەرگری شارستانی هەولێر كرد كە ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردوامن لە هەوڵدان و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ئافرەتە فلیپینیەی كە لە شوێنی بۆردومانەكە گیانی لەدەستداوە و تاكو ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە، بەهۆی خاپوور بوونی خانووەكەش، ئەركی كارمەندانی بەرگریی شارستانی زیاتر قورسكردووە و بەوهۆیەشەوە 6 كارمەندی بەرگری شارستانی بەسووكی برینداربوونە.


جێگەی باسە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو، كاتژمێر 11:30 خولەكی شەو لەئەنجامی هێرش و پەلاماری سوپای پاسدارانی ئێران ماڵەكەی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و خاوەنی كۆمپانیای ئیمپایەر و گرووپی فاڵكۆن كرایە ئامانج و لە ئاكامی هێرشەكەشدا پێشڕەو دزەیی و كچێكی، میوانێكی و كارگوزارێكی ماڵەكەی شەهید بوون و خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیكەشی بریندار بوون.