ئەمڕۆ چوارشەممە، رێكەوتی 11ـی كانوونی یەكەمی 2024، تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، سیستمی تەندروستیی سووریا بەهۆی شەڕەوە لاوازبووە و نەخۆشخانەکانی حەلەب و ئیدلب توانای چارە کردنی تەواوی نەخۆش و بریندارەکانی نییە.
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی وتیشی: “پێکهێنانی حکوومەتی کاتی سووریا هیوایەک بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە ئازار دەچێژێت، لە دوو هەفتەی ڕابردوو شەڕ دەستی پێ کرد، بە سەدان کەس بە سەختی برینداربوون و نزیکەی ملیۆنێک کەس ئاوارەبوون، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە ناوخۆ ئاوارە بوون و پێنج ملیۆن کەسی دیکەش بوونەتە پەنابەر.”
تێدرۆس ئەدهانۆم ئاماژەی بەوەش دا، كە نەخۆشخانەکانی حەلەب و ئیدلب فشارێکی زۆریان لەسەرە و لە توانای خۆیان زیاتر نەخۆش و برینداریان تێدایە، دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی سووریا گرنگە، چونکە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان فشارێکی زۆر زیاتر دەکەوێتە سەر ئەو سیستمە تەندروستییەی بەهۆی زیاتر لە 14 ساڵ شەڕەوە لاواز بووە.
یەکشەممە، 8-12-2024، گرووپەكانی دژبەری ڕژێمی سووریا توانییان دیمەشق کۆنترۆڵ بکەن، بەشار ئەسەدیش ناچار بەهەڵاتن بکەن، کە ماوەی 24 ساڵە دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو.