دوای ٢٦ ساڵ، بڕیارە سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق ئەنجام بدرێت

سەرژمێری گشتیی، نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و بنەمایەکی سەرەکیشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت رەنگە نەتوانرێت وەک پێویست ھەڵبژاردنێکی دروست ئەنجام بدرێت، ھەروەھا لەڕیگای سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتوان سەبارەت بە رەگەز، تەمەن، ئایین، رەوشی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خێزان کۆدەکرێتەوە.

لە زۆربەی وڵاتاندا، ھەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا لە عێراق ھەشت سەرژمێری گشتیی ئەنجامدراوە.  دوایین سەرژمێریش لە ساڵی ١٩٩٧ بەبێ بەشداری ھەرێمی کوردستان، لە عێراق ئەنجام درا.

ھەشت سەرژمێرییەکەی عێراق ، لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧. ئەنجامدراوە.

- یەکەم سەرژمێری گشتیی لە عێراق لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا

یەکەم پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٧ دەستی پێ کرد و لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵە کۆتایی ھات.

پرۆسەکە لەلایەن (فەرمانگەی رەگەنامەی گشتیی) سەربە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا کە لە میانیدا، لێژنەکانی سەرژمێری لە مزگەوت، قوتابخانە و دامەزراوەکانی حکوومەتدا دادەنیشتن و لێژنە مەیدانییەکانیش دەگەڕان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دانیشتوانەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک حکوومەت بۆی دەرکەوت کە پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە و شکستی ھێناوە، بۆیە ئەنجامی پرۆسەکەی ھەڵوەشاندەوە، وێرای ئەوەی بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٧دا، بە دوو ملیۆن و ٩٦٨ ھەزار و ٥٤ کەس خەمڵێندرابوو.

- دووەم سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٣٤ ئەنجامدرا

دووەم سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٣٤ ئەنجامدرا کە ئەوەیان بە دوو خول تەواو کراوە، خولی یەکەم لە مانگەکانی (ئەیلوول و تشرینی یەکەمی)ی ئەو ساڵە بوو، خولی دووەمیش لە مانگەکانی (ئاب و ئەیلوول)ی ساڵی ١٩٣٥ بوو بۆ ئەوانەی کە دواکەوتبوون و لە ساڵی پێشووی خۆیان، تۆمار نەکردبوو.

لە میانی سەرژمییرییەکەی ساڵی ١٩٣٤دا، لێژنەکان لە شوێنە گشتییەکان دادەنیشتن و موختارەکان، سەرۆکی خێزانەکانیان بانگ دەکرد بۆ ئەوەی زانیاری پێویست لە بارەی خێزانەکانیانەوە بدەن بەو لێژنانە.

ئامانجی سەرەکی لە سەرژمێرییەکە، خزمەتی سەربازیی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بوو، ھەروەھا سەرژمێرییەکە بووە بنەمایەک بۆ پێدانی ناسنامە.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٣٤دا، سێ ملیۆن و ٢١٣ ھەزار و ١٧٤ کەس بوون.

- سێیەم سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٤٧ ئەنجامدرا

پرۆسەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ ئەنجامدرا و بەیەکەم سەرژمێری دادەنرێت کە لەڕێگای ماڵنووس و دەستەی ناونووسینەوە ئەنجامدرا، چونکە لیژنەکان دەچوونە ماڵان و راستەوخۆ بەپێی پرسیارەکانی نێو فۆرمەکان زانیاری و داتایان لە خێزانەکان وەردەگرت.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٤دا، گەیشتبووە چوار ملیۆن و ٨١٧ ھەزار و ١٨٥ کەس.

لەم سەرژمێرییەدا، ئاماژە بە دابەشبوون و پۆلینکردنی دانیشتوان لەسەر بنەمای نەتەوە و زمان نەکرابوو، بەڵکو تەنھا باس لە ئایینی دانیشتوان کرابوو.

ئەم سەرژمێرییە جیاوازبوو لە سەرژمیرییەکانی ١٩٢٧ و ١٩٣٤، چونکە داتاکانی سەرژمێرییەکە لە خشتەی ئاماردا، تۆمارکرابوو و لە سێ بەرگدا چاپکرابوون.

- چوارەم سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٥٧ ئەنجامدرا

پرۆسەکە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ ئەنجامدرا کە تیایدا لەو رۆژە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە سەرانسەری عێراقدا راگەیاندرا.

ماڵنووسەکان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرانی تۆماری دانیشتوان توانیان لەو رۆژە و لە کاتی دیاری کراودا، کارەکانیان تەواو بکەن کە ١٣ ھەزار و ٢١٣ ناونووس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٥٧دا، گەیشتبووە شەش ملیۆن و ٥٣٥ ھەزار و ١٠٩ کەس.

بە بۆچوونی شارەزایان لە عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، سەرکەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە کە تا ئێستا لە عێراق ئەنجامدرابێت، ئەوەیش لەبەر ژمارەیەک ھۆکار لەنێویاندا، تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەکە لە رۆژی ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧، بەشداریکردنی نوێنەر و شارەزایان نەتەوە یەکگرتوەکان لە پرۆسەکە، ھەروەھا ئەنجامدانی خولی راھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی رەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا، دابەشکردنی فۆرمی سەرژمێرییەکە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەکە، پڕ بکەنەوە.

ھەر لەبەر ئەوە، تا ئێستا لە عێراق کار بە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت.

ــ پێنجەم سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٦٥ ئەنجامدرا

پرۆسەکە بڕیاربوو لە ساڵی ١٩٦٧ ئەنجام بدرێت، بەڵام وەک پێویستی خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردن (وەک حکوومەتی ئەو کاتی عێراق) رایگەیاندبوو، سەرژمێرییەکە لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٥ ئەنجامدرا.

سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥ لە سەرژمێرییەکانی پێشووتر جیاوازبوو، چونکە فۆرمی سەرژمێرییەکە پرسیاری لەبارەی پیشە، نەتەوە و خزمەتی سەربازیی لەخۆگرتبوو.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٦٥دا، گەیشتبووە ھەشت ملیۆن و ٢٦١ ھەزار و ٥٢٧ کەس.

- شەشەم سەرژمێری گشتیی لە عێراق لە ساڵی ١٩٧٧ ئەنجامدرا

پرۆسەکە کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٧ ئەنجامدرا، یەکەم سەرژمێری بوو کە لەلایەن دەزگای ناوەندیی ئامار سەربە وەزارەتی پلاندانانەوە ئەنجامدرا، چونکە سەرژمێرییەکانی پێشوو لەلایەن (فەرمانگەی رەگەزنامەی گشتیییەوە) ئەنجامدرابوون.

فۆرمی سەرژمێرییەکە پرسیارگەلێکی زۆری جۆرارجۆری لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا زانیاری لەبارەی دۆخی ژیان، نیشتەجێبوون و سەرچاوەکانی داھات، ھەروەھا ئەو سەرژمێرییە بووە بنامەیەکی داتا بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی کۆمەڵگای عێراقی.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٧٧دا، گەیشتبووە ١٢ ملیۆن و ٤٩٧ ھەزار کەس.

- حەوتەم سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٨٧ ئەنجامدرا

پرۆسەکە لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٧ ئەنجامدرا کە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە، جگە لە (ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران)، ئەوەیش بەھۆی جەنگی عێراق-ئێران، نەتواندرا زانیارییەکان لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کۆبکرێتەوە.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٨٧دا، گەیشتبووە ١٦ ملیۆن و ٣٣٥ ھەزار و ١٩٩ کەس.

- ھەشتەم سەرژمێری گشتیی لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ ئەنجامدرا

پرۆسەکە لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧، لەلایەن دەزگای ناوەندیی بۆ ئامار ئەنجامدرا کە لە میانیدا لە ١٥ پارێزگای عێراق، جگە لە (پارێزگاکانی ھەریمی کوردستان) زانیاری لەبارەی ژمارەی دانیشتوان کۆکرایەوە.

بەپێی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٧دا، گەیشتبووە ١٩ ملیۆن و ١٨٤ ھەزار و ٥٤٣ کەس.

دوو سەرژمێری لەو ھەشت سەرژمێرییەی کە لە عێراق ئەنجامدراون، دانیان پێدا نەنراوە، یەکێکیان سەرژمێریەکەی ساڵی ١٩٦٥، ئەوەی دیکەیش سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧.

سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥ بەھۆی تێکچوونی دۆخی عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧ بەشدارینەکردنی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی لە پرۆسەکە، دانیان پێدا نەنراوە.

بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٢ ملیۆن و ٢٤٨ ھەزار و ٨٨٣ کەس.

شایەنی باسە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ی وەك وادەیەکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووانی وڵاتەکە دیاریكرد و بڕیارە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێڕاق و هەرێم بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت .

بەمەبەستی زانینی دوایین زانیارییەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی، لێدوانمان لە سیروان محەمەد،، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، وەرگرت و لەسەرەتای قسەکانیدا رایگەیاند، "لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ کە یاسای سەرژمێری لە عێڕاق دەرچوو، عێڕاق دەیەوێت پڕۆسەی سەرژمێری ئەنجام بدات و، ئەو دەمە ئامادەکارییەکانیشمان تەواو کردبوو بەڵام لە ٢٠١٠ هەندێک لە حزبە سیاسییەکانی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا دەستیان خستە ناو پڕۆسەکە و بە سیاسییان کرد، ، لە ساڵی ٢٠١٩دا بڕیارێکی دیکە دەرچوو کە دەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی بکرێت و ئەویش بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دواتر قەیرانی داراییەوە، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا".

سیروان محەمەد لەبارەی دوایین بڕیاری وەزارەتی پلاندانان سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی وتی،"لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ٢٧ی تەمووز، رێکەوتی ٢٠ی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوویان دەستنیشانکردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، هەروەها بڕی ١٠٠ ملیار دینار تەرخانکراوە و بڕیارە لەو بوودجەیەش لەسەر بنەمای ١٢.٦٧ بڕی ١٢ ملیار و ٦٧٠ ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام بە بۆچوونی من لەبەر جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی یاسای بوودجە، هەروەها کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئەوانە کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە بۆیە ئەمساڵ فریا ناکەوین کە ئامادەکاری بکەین و، ئەو چەند مانگەی لە ساڵی داهاتوو دەمێنێتەوە ئەویش کافی نییە بۆ ئەوەی بگەینە ڕۆژی ئەنجامدانی سەرژمێریی، جگە لەوانەش دەبێت ژێرخانە ئەلیکتڕۆنییەکە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی لە هەولێر و بەغدا دابنرێت و، پێویستیشە بوودجەکە بە تەواوی پەسەند بکرێت".

لەبارەی زانیارییەکانی نێو فۆڕمی سەرژمێرییەکە، سیروان محەمەد وتی: "فۆڕمی سەرژمێری هەمووی بابەتی پەرەپێدانە، فۆڕمێکی فراوان و وردە. پێشبینی ناکەم هیچ کێشەیەکی هەبێت، لە نێو فۆڕمەکە ئایین دیاریکراوە، بەڵام مەزهەب و نەتەوەی تیادا نییە، خواستمان ئەوە بوو کە نەتەوە دیاری بکرێت چونکە لە سەرژمێرییەکانی پێشووتریش هەبووە، ئەمە پێویستە چونکە قەبارەی پێکهاتەکان بە دیار دەکەوێت بە تایبەت بۆ بابەتی هەڵبژاردن، هەروەها بابەتێکی دیکە هەبوو کە پێشتر کێشەی دروست کرد ئەویش هەندێک لایەن هاتن دەیانویست ئەو نەتەوانە زیاد بکەن کە لەناو کۆمەڵگای عێراقی وەکو ئایینن".

هەواڵ: عەبدولسەلام توتنچی