وەزیری بەرگریی تورکیا پەیامێک ئاراستەی بەرپرسانی یەکێتی دەکات و دەڵێت: “ئەگەر دەتانەوێت لە سەقامگیریدا بژین خۆتان لە رێکخراوی تیرۆریستی رزگار بکەن، ئێمەش هاوکارتان دەبین.”
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکی میدیای وڵاتەکەی باسی لە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق کرد و تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە.
لە بەشێکی دیدارەکەیدا، یاشار گولەر باسی سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد: “بەردەوام بە بەپرسانی یەکێتیمان وتووە، پەکەکە ئێستاش لە سلێمانی بە ویستی خۆی چالاکیی دەکات، پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن.”
یاشار گولەر رایگەیاند، بەهۆی پەکەکە-وە 800 گوند لە هەرێمی کوردستان-عێراق چۆڵکراون و “کەس هێندەی تورکیا نیگەران و خەمبار نەبووە لە چۆڵکردنی گوندەکان.”
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر لەنێوان عێراق و تورکیا، یاشار گولەر رایگەیاند، پێش سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوو کۆبوونەوەی ئەمنیی باڵایان لەگەڵ لایەنی عێراقی کردووە.
یاشار گولەر باسی لەوە کرد، پێشتر عێراق هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی پەکەکە و چالاکییەکانی لە دژی تورکیا نەبوو؛ “لە کۆبوونەوەکاندا باسمان لەوە کرد کە پەکەکە رێکخراوی تیرۆریستییە بەڵام ئێوە بە رێکخراوی تیرۆریستی نایانناسێنن. بەڵام دوای کۆبوونەوەکان بینیمان عێراق هەڵوێستی گۆڕی. ئێستا پەکەکە لە عێراق رێکخراوێکی قەدەغەکراوە و سوپاسی برایانمان لە عێراق دەکەین. عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەتی تیرۆردا لە هەماهەنگیدان.”
گولەر باسی لە ستراتیژییەتی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە: “لەناوبردنی تیرۆریستان لە سەرچاوەکانیانەوە ستراتیژییەتی نوێی بەرەنگاربوونەوەمانە بۆ تیرۆر. شەش ساڵە لە باکووری عێراقداین رێگەمان نەداوە رێکخراوی تیرۆریستی بحەسێتەوە. هەرچەند لە باکووری عێراق پێشڕەوی دەکەین پەکەکە بەرەو قووڵایی باشوور دەڕوات.”
وەزیری بەرگریی تورکیا پەیامێکی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، هەندێک لە دۆستانیان یەپەگە بە پەکەکە نازانن، “لە کاتێکدا یەپەگەییەکان خۆیان دەڵێن پەکەکەین و لە دانپێدانانەکانیان بە راشکاوی باس لەمە دەکەن.”
بۆ ئەوە رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت: “بەناوی هاوپەیمانی دژ بە داعش چەکیان پێدەدات و مەشق و راهێنانیان پێدەکەن. بەمدواییانە دوو هێلیکۆپتەریان بە یەپەگە دا کە پێرار لە هەرێمی کوردستان کەوتنەخوارەوە و هەموو ئەوانەی مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێکرابوون، کوژران.”
جەخت لەوەش دەکاتەوە “هیچ کات ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی پەکەکە و یەپەگە کۆتاییان نایەت.”
هەر لەبارەی پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئێران، وەزیری بەرگریی تورکیا نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی لەمبارەیەوە نەشاردەوە و رایگەیاند: “لە کاتی راوەدوونانی تیرۆریستاندا، بەشێکیان دزە دەکەنە نێو سنوورەکانی ئێران.”
دەشڵێت، ئەوان بە درۆن دەیانبینن و دەزانن لەکوێ خۆیان حەشارداوە، “بە بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێین کە لێرەن، بەڵام ئەوان حاشای لێدەکەن. دەڵێن نەماندۆزینەوە یان لەوێ نین. ئەم بابەتەمان زیاتر لە جارێک لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ ئێران پێڕاگەیاندوون. هەنگاوی ئەرێنی دەنێن بەڵام ئەنجامی نابێت.”
لەبارەی بەردەوامیی ناسەقامگیرییەکان لە سنوورەکانی عێراق، ئێران و سووریا، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە سنووری هەر سێ وڵاتەکەدا 60 هەزار سەرباز لە ئەرکدان.