حکومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • حکومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران

حکومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران

شوبات 22, 2024 16:05
حکومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران
0

لایک

حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی سیستمی باج و رێگری کردن لە خۆدزینەوەی باجدەران کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کۆبووەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی رێکخستنەوەی رسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو پڕۆژەبڕیارەش بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان-عێراق و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان لە هەرێم بە تێچوویەکی کەمتر و کاتێکی کورتر ودوور لە رووتین و ئەڵقەی ئیداریی زیاتر لە رێگەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی وڕاییکردنی مامەڵەکان و ئاسانكردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە رووی کارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداریی فیکریی وهزریی داهێنەران.

لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم باس لەوەشکراوە، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەند کرد و لە دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

ئەوەش ئاشکرا کراوە، دواتر لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، کە تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان-عێراق و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، سەرەتا کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری کۆبوونەوەکە کرابوو، راپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی کەرتی باجەکان لە هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو .

لە راپۆرتەکە ئەوەش خرایەڕوو، بڕ و رێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، ئەوەی کراوە رێکخستنەوەی رێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی رووتین.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە، کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش رێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و رەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاوڵاتیان بکات و بارگرانیی لە سەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.

En az 10 karakter gerekli