پلاسخارت: پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆران مایەی قبووڵكردن نییە

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە هەرێمی كوردستان گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات و دەشڵێت، “پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆران و خانەنشینان مایەی قبووڵكردن نییە”. جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان دەستكەوتی زۆرباشی بەدەستهێناوە و پێویستە پارێزگاری لێبكات و جگەلەوەش رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەبارەی بودجەوە چارەسەرێكی كاتییە. راشیگەیاند، سەقامگیریی هەولێر و بەغداد لە بەرژەوەندیی هەمووانە و پێویستە هەرێم لەناوخۆدا یەكگرتووبێت و نابێت خەڵكی هەرێمی كوردستان سزابدرێن و پێویستە چارەسەری درێژخایەن بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغداد بدۆزرێتەوە. وتیشی، “كێشەكانی بودجە چارەسەرنەكرێت دۆخەكە بەم شێوەیە ناڕوات و هەمووان چاوەڕێی ئەوەین هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە”. پلاسخارت دەشڵێت، “نیگەرانین لە رەوشی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان و ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری لە گەشەپێدانی تواناكانی گەنجان”.