بڕیارێک لەبارەی ئەو کۆمپانیایانەی خەڵکیان بەڤیزای ساڵی بۆ حەج بردووە دەرکرا

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند بڕیارێکی دەربارەی ئەو کۆمپانیایانەی خەڵکیان بە ڤیزای گەشتیاری بردووەتە حەج، دەرکرد.

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ی7ی2024 لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ سعوودیە، بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە دەرەوەی وەزارەت كە بووە هۆی مردن و بێ سەروشوێنبوونی چەند هاووڵاتیمان، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بەفەرمانی وەزاری ژمارە (117) لە 2024/6/3، لیژنەیەكی پێكهێناوە بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتی.


وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، وەك یەكەم هەنگاویش بڕیاریان دا بە:
1-ئەو كۆمپانیایانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە و بەڤیزەی ساڵی و ڤیزەی گەشتیاری و ڤیزە جۆراوجۆرەكان خەڵكیان بردووە بۆ سعوودیە، تا لێكۆڵینەوەكان كۆتایی پێ دێت، سڕ دەكرێن و مافی بەشداریكردنیان نییە بۆ گەشتەكانی عومرە.


2- ئەو كۆمپانیایانەی كە هیچ كێشەیەكیان و نییە و لە رێی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و بەشێوەیەكی یاسایی خەڵكیان بردووە بۆ حەج، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاگادار دەكرێنەوە كە بەشدار دەبن لە گەشتەكانی عومرە، دوای دەرچوونی رێنوێنییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە.


3-هەر هاووڵاتییەك سكاڵای لەسەر هەر كەس و كۆمپانیایەك هەیە، كە مافی زەوت كردووە و بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵ كراوە و زیانمەند بووە لەرێی ڤیزە جۆراوجۆرەكانەوە، تا 10 رۆژی تر دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن .


4- شوێنی تۆماركردنی سكاڵا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی و گرێبەستەكان.