ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی 20ـی كانوونی دووەم 2025، کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر(ئەربیل) لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و تایبەتدا، دۆناڵد ترامپ، وەکوو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتن سوێندی یاسایی دەخوات. هاوكات لە ڕێوڕەسمەكەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراویش سوێندنی یاسایی دەخوات و هەردووكیان بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار دەبن.
رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و جێگرەکەی، بە بەشداریی دەیان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، کەسایەتی و بازرگانە بەناوبانگەکانی جیهان، لەنێو باڵەخانەی کۆنگرێس بەڕێوە دەچێت.
سەرەتا ترامپ و جەی دی ڤانس دەچنە کەنیسەی سەینت جۆن لە واشنتن و لە چەند ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا بەشدار دەبن. داوتر دەچنە باڵەخانەی کۆنگرێس و لەوێ سوێندی یاسایی دەخۆن. دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا و جێگرەکەی، دەچنە کۆشکی سپی و بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار دەبن.
ئەو بەرپرسانە كە بەشدار دەبن لە ڕێورەسمەكە:
. 1بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
. 2نوێنەری تایبەتی شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
. 3تاکیشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن.
. 4سوبرەمانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان.
. 5باڵیۆزی وڵاتان لە ئەمەریکا.
. 6سەرۆکانی پێشووتری ئەمەریکا.
. 7تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ئەمەریکا.
لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ڕێوڕەسمەکە و کۆشکی سپی، بەشداریی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و هیچ بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لەبارەی هاووڵاتییانی سڤیلیش، پێشبینی دەکرێت سەرووی 200 هەزار کەسی ئاسایی بەشداری لەو ڕێوڕەسمەکەدا بکەن، بەڵام دەبێت بلیت بکڕن کە نرخەکەی نزیکەی 500 دۆلارە.