كوشتنی بەرپرسی هێرشەكەی هوقەبازی هەولێر راگەیەندرا

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (MiT) لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سلێمانی، جەلال کایا، بەناو بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی پەکەکە، کە بڕیاردەری کوشتنی عوسمان کۆسە، دیپلۆماتکاری تورکیا بوو کوشتووە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ رایگەیاندووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەرگیراون، ماوەیەکی زۆرە تیرۆریست جەلال کایا، چالاکی بۆ پەکەکە لە هەرێم ئەنجام دەدات، کە ناوبراو بڕیاردەری ئەو کردەوە تیرۆریستییەیە کە دیپلۆماتکاری تورکیا عوسمان کۆسە-ی تیادا کوژرا لە 17ی تەمووزی 2019 لە هەولێر.

هاوکات راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆرستە لە رابردوودا لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەشداری لە چەندین کردەی تیرۆریستییدا کردووە و رێکی خستوون و ئەو تۆڕەی ئەو سەرکردایەتی کردووە، زانیاری هەواڵگری کۆکردووەتەوە لەسەر ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا کە بە نیاز بوون ئۆپەراسیۆن بۆسەر تیرۆریستان ئەنجام بدەن لە هەرێم و پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە کارمەندانی کەرتی گشتین.

بەپێی زانایارییەکانی ئەنادۆڵ، میت دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی لەسەر کایا و چاودێریکردنی هەنگاو بە هەنگاو لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە گوندەواری سلێمانی لە چالاکیی خست و بەم جۆرەیش گورزێکی بەهێز لە تۆڕی هەواڵگریی پەکەکە درا.

شایەنی باسە عوسمان کۆسە کارمەندی کۆنسوڵخانەی تورکیا بوو و رۆژی 17ـی تەممووزی 2019 لە رووداوێکی تەقەکردن لە رێستۆرانتی هوقەباز لە شاری هەولێر، لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی هەرێم بە ناوەکانی نەریمان (عوسمان محەممەد عەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) کوژران.