خوێندنی باڵا واده‌ی راگه‌یاندنی ئەنجامى زانکۆلاین ئاشكرا ده‌كات

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژى یەکشەمە رێکەوتى (2023/9/24) لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانى وەرگرتنى دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023 - 2024) رادەگەیەنرێت. خوێندنی باڵا راشیدەگەیەنێت، دواى راگەیاندنى ئەنجامەکان لە رێکەوتى (2023/10/1) دەستدەکرێت بە پرۆسەى خوێندنى قۆناغى یەکەم لە زانکۆکان. ئاماژە بەوەش دراوە، پێویستە لەسەر وەرگیراوان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیان بکەن. وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، بۆ وەرگرتنی خوێندکاران، زانکۆکانى کوردستان ئامادەکارى پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە وەرگیراوان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2023 - 2024).