“30 هاوپەیمانى و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر ناویان تۆمار کراوە”

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تاکو ئێستا 30 هاوپەیمانی سیاسی و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر تۆمارکراون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی لایەنی سیاسی و دەنگەدەران بەردەوامە و تاکو ئێستا 30 هاوپەیمانی سیاسی و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر تۆمارکراون.

وتەبێژى کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، لەو ژمارەیە 362 هەزار و 576 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە و لە پارێزگاکانی هەرێمیش دوو هەزار و 79 دەنگدەر کە ئاوارەن تۆمارکراون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.

جومانە غەلای ئەوەی خستەڕوو، لەو 30 هاوپەیمانیەی تۆمارکراون 20 هاوپەیمانییان نوێن و ئەو 10ـیەی دیکە، پێشتر تۆمارکراون و بۆ بەشداری کردنیان هاوپەیمانییەکانیان بۆ نوێ کراوەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.

لە رۆژی 1ـی تەمموزى رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کردەوە و بڕیار بوو ماوەکەی یەک مانگ بێت، بەڵام دوێنی ماوەی تۆمارکردن تاوەکو رۆژی 6ـی ئاب درێژکرایەوە