لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان زانیاری نوێ راگەیەندرا

بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرای کرد، سبەی ئێوارە بڕیار لەسەر دیارکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەدرێت.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێم، بە میدیاکانی راگەیاندووە،"سبەی یەکشەممە لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف کۆدەبێتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت و بڕیار لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەدرێت."

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر رۆژی یەکشەممە بە بەڵگەوە مانگ بینرا، ئەوە رۆژی دووشەممە دەبێتە یەکەم رۆژی رەمەزان، ئەگەریش مانگ نەبینرا دووشەممە تەواوکاری شەعبان دەبێت و رۆژی سێشەممە یەکەم رۆژی رەمەزان دەبێت."

شایەنی باسە، بەپێی لێکدانەوەی سەنتەری فەلەکیی عەرەبی، رۆژی دووشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.