سەرۆککۆماری عێراق داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد پەلە بکات لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کە بەهۆیەوە کێشەکانی نێوان ھەولێر(ئەربیل) و بەغداد چارەسەر دەبن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق داوای کردووە، پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک کە زامنی ئەوە بکات عێراقییەکان بە یەکسانی و دادپەروەریی سوودمەندبن لە سامانی نیشتمانیی و رایگەیاندووە کە پەسەندکردنی یاساکە گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی ھەرێم.
سەرۆککۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە پاڵپشتی لە پیشەسازی نەوت بکرێت، بەتایبەتی لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتەکانی پیشەسازیی گاز و پاڵاوتنی نەوت، ھەروەھا چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە.
ھەروەھا سەرۆککۆماری عێراق دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە، پلانی باش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە ئامانجی پەرەپێدان و باشترکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە وڵاتدا دابنرێت، ھەروەھا کار بکرێت بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ سوود وەرگرتن لە سامانی نەوت و گاز.