وەزیری نەوتی عێراق: بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت هاتووینەتە هەولێر

بەیانی ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم( بە وەکالەت) پێشوازی لێ کرا.

دوای گەیشتنی بۆ ھەولێر، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئێمە لە پارێزگاکەمانین؛ پارێزگای هەولێر. بەندە وەکو وەزیری نەوت بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا کە لە دوو بریکارە سەرەکییەکەی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگە گرنگ و سەرەکییەکانی وەزارەتی نەوت پێکدێت، هاتووین. ئامانج لە سەردانەکە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو. وەکو دەزانن یاسای بودجەی عێراق ئەو بڕە نەوتەی دیاریکردووە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، کە نزیکەی 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا".

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ برایان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆببینەوە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەیە کە ئاسانکاری بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکەن. هەناردەکردنی نەوت بۆ دەوڵەتی عێراق زۆر گرنگە، چونکە سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق بەشێوەی سەرەکی پشت بە هەناردەکانی نەوت دەبەستن و ئەو پارەیەی لە هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەستدێت، بۆ پارەدارکردنی بودجەی عێراقە. پشتیوان بە خوا بە هاوکاریی ئەو برایانەی لەگەڵمانن و برایان لە هەرێمی کوردستان جیدین لەو پرسە."

حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی وت "لێکتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە و ئەمڕۆ و بەیانی پشتیوان بە خودا دەگەینە چارەسەر"، سەبارەت بە نەوتی کوردستانیش، وەزیری نەوت باسی دوو قۆناخی کرد و وتی، "قۆناخی یەکەم بریتی دەبێت لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن، رێکبکەوین بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق بگونجێندرێت و ئومێد دەکەین لەماوەی ئەم دوو، سێ رۆژەدا بگەینە رێککەوتن. قۆناخی دووەمیش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی عێراقی تورکییەوە".

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت کە لە پێشوازی وەزیری نەوت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بوو، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، "پێش دوو رۆژ محەممەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێری کرد و ئەو بووە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ شاندێکی عێراق سەردان بکات. وەزیری نەوت و شاندەکەی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت هاتوون".

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت باسی کێشەی دیاری نێوان هەردوولای لەبارەی نەوت کرد و گوتی، "کێشەی سەرەکی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە کە لە بودجەدا 8 هەزار و 690 دینارە بۆ هەر بەرمیلێک؛ ئەوە لەگەڵ سرووشتی گرێبەستی ئێمە ناگونجێت و یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بۆ هاتنی ئەو شاندە چارەسەرکردنی ئەو بابەتەیە".

سەبارەت بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز کە زیاتر لە بیست ساڵە عێراق ئەو یاسایەی نییە، کەمال محەممەد وتی، "لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهاتووە، هەندێک رێوشوێن و هەنگاو نراون، بەڵام رەشنووسەکە تەواو نەبووە. ئەو بابەتە دەکەوێتە ساڵی داهاتووە."