کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لە سبەینێوە بارانبارین لە هەرێم دەستپێدەکات.

کەشناسی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بۆ ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، دەشڵێت، پلەکانی گەرما نزیکدەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەی سێشەممە، ئاسمان لەزۆربەی ناوچەکان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور. هاوكات پلەکانی گەرمی 1-2 پلە نزمتر دەبنەوە

ئەوەش هاتووە، لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆوە کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت بەشێوەی پچڕ پچڕ لە سەرەتادا و دواتر ناوچەکانی تری هەرێمیش دەگرێتەوە.

رۆژی رابردوو، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، پێشبینى هاتنى کەشێکى ناسەقامگیر دەکەن لە رۆژانی ئایندەدا کە کاریگەرییەکەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.