یاسای بودجەی عێراق لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ رۆژنامەی فەرمی عێراق یاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ـی بڵاوکردەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی حکومەتی عێراق لە ژمارەی چوار هەزار و 726ـیدا بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ـی عێراقی بڵاوکردەوە.

دوێنێ وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پاش بڵاوکردنەوەی یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڕگەکانی بودجە بەسەر سەرجەم ئەو خەرجیانەدا جێبەجێدەکرێت کە لە ١ی کانونی دووەمی 2023ـەوە کراون.

لە رێکەوتی 13ی 3ئازارى 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەياسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد.

دواتر، لە درەنگانی شەوی 8ی 6ی حوزەیرانى 2023 پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنەکانی بۆ پەسەندکردنی بودجە کرد، پێشتریش پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردبوو.

دواجار، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 11ی حوزەیرانى 2023 لە دانیشتنی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجە، لە دانیشتنی ژمارە 31ی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ی عێراق پەسەند کرا.

رۆژی چوارشەمەمە 21ئەم مانگەش سەرۆککۆمارى عێراق، واژۆى لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکراوى بودجەى گشتى عێراق کرد.