سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، 36 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تێپەڕی، بە داخەوە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادە نین رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە جێبەجێ بکەن و دەشڵێت، “شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەمو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادماندایە.”
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە 36مین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارەی کوردستان دەکەینەوە کە بونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشوی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەیان لە یاد بێت و هاندەریان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، جێی داخ و نیگەرانییەکی قوڵە، کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستوری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزکردنی هەڵەبجەش تەواو بکەن.
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردوە، خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و مانگی ڕابردو لە کاتی سەردانیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندییان لەسەر هەمو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەمو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادیانە و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەن هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆیان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبوی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.