سوتانی دوکانەکانی قەیسەری بازاڕی بەرگدروەکانی سست کردووە

ساڵانە لەگەڵ هاتنی جەژنەکانی رەمەزان و قوربان، هاوڵاتییان بە مەبەستی دروینی جلوبەرگی نوێ، سەردانی بەرگدروەکان دەکەن و بۆ ئەوەی جلی تایبەت بە یادەکان بپۆشن.

بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر، کە نزیکەی 300 دوکانی بەرگدروی تێدایە و بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ خەریکی دورینی جلوبەرگن بۆ هاوڵاتییان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سوتانی بەشێکی بازاڕەکەوە، دوکانەکان تەواو وێران بون و کاسبکاران لە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانیانن، هەندێکیان ئامێرەکانی دورینیان بردووەتەوە ماڵەوە و لەوێ خەریکی پیشەکەیانن، هەندێکی دیکەش بەشێوەیەکی کاتیی تا رۆژی جەژنی قوربان دوکانەکەیان نۆژەنکردوەتەوە و دواتر دایدەخەن تا ئەو کاتەی تەواوی بازاڕەکە نۆژەندەکرێتەوە.

شەوی 5ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی ھەولێر کەوتەوە و نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند تا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانییان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، دوای رووداوەکەش پارێزگای ھەولێر رایگەیاند کە بەھۆی ئاگرەکەوە 228 دوکان و، 7 کۆگا سووتان، هاوکات 132 کەسیش لە رووداوەکە بریندار بوون.

ھاوکات رۆژی 8ی حوزەیران، پارێزگای ھەولێر ئومێد خۆشناو لەبارە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە رایگەیاند کە ئەو شوێنانەی لەو بازاڕەدا زیانیان بەرکەوتووە، دوو بەشن، بەشێکیان قەیسەری نوێیە و پێشتر نۆژەنکراوەتەوە بەڵام بەشێکی دیکەیان قەیسەری کۆنی پێدەگوترێت و شوێنەوارە، ئەم بەشەیان ئاسان نییە و لەژێر رێنماییەکانی یونیسکۆ نۆژەن دەکرێتەوە.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو بازاڕە لەسەر بوودجەی پارێزگا دابینکراوە و بڕەکەی پێنج ملیار و سێ سەد ملیۆن دینارە و لەماوەی نزیکەی یەک ساڵدا پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت.