وەزارەتێک دەرگای دامەزراندن دەکاتەوە

وەزارەتێکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستیان بە  دامەزراندنی ژمارەیەک لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر (کارگێری) و بڕوانامەی (بەکالۆریوس) هەروەها هەڵگرانی بڕوانامەی (دبلۆم) بۆ سەنتەری شیاندنەوەی ئالودەبوانی ماددەی هۆشبەر و کارتێکارە عەقلییەکان لە هەولێر.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (2193) لە 29ی (ئایار/5)ی 2023 و فەرمانی وەزاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە ژمارە (827) لە 1ی (حوزەیران/6)ی 2023 پێویستیمان بە دامەزراندنی ژمارەیەک لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر (کارگێری) و بڕوانامەی (بەکالۆریوس)  لە تایبەتمەندیەکانی (ددان، دەرمانساز، شیکاری، یاسایی، ژمێریاری، دەروونی، کۆمەڵایەتی،  ئایتی، وەرزشی).

ئاماژە بەوەش دراوە، هەروەها پێویستیان بە هەڵگرانی بڕوانامەی (دبلۆم) بۆ پسپۆریەکانی (چارەسەری سروشتی، ئایتی،  کارگێری، ژمێریاری، شیکاری) و هەڵگرانی بڕوانامەی (ئامادەیی) بۆ ناونیشانی (پیشەیی) و هەڵگرانی بروانامەی (ناوەندی) بۆ پیشەی (شوفێری، چاودێر) و  بڕوانامەی (سەرەتایی) بۆ پیشەی (کارگوزار، شۆفێر).

ئەوەش روونکراوەتەوە، ئەو کەسانە لە سەنتەری شیاندنەوەی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر و کارتێکارە عەقلیەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێن، پێویستە پێشکەشکاری فۆرمی دامەزراندن تەمەنی لە نێوان (20 بۆ 40) ساڵ بێت و دانیشتوى شاری هەولێر بێت.

هەروەها پرکردنەوەی فۆرم تەنها بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت بۆ ماوەی (5) رۆژ لە رێکەوتی 3ـی تەمموز بۆ 7ـی تەمموزی 2023 دەبێت.