دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڵێنیدا لەماوەی دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی، ناوی کەنداوی مەکسیک بۆ کەنداوی ئەمریکا بگۆڕێت، کلۆدیا شەینبام، سەرۆکی مەکسیک بەتوندی وەڵامی ترەمپى دایەوە و وتى: ” کەنداوی مەکسیک ئەو ناوەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان پێداناوە، ئەگەر هەر باسی ناو گۆڕین دەکرێت، بۆچی ناوی وڵاتی ئەمریکاش نەگۆڕێت بە ئەمریکای مەکسیکی “.
ئەمە لەکاتێکدایە شەینبام، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە نەخشەیەکی جیهانی سەدەی 17یەم کرد، کە ئەمریکاى باکوور بە ئەمریکای مەکسیک ناوبراوە.
ئەوەی سەرۆکی ئەمریکای نیگەرانکردووە لەبارەی مەکسیکەوە، کۆچی نایاسایی مەکسیکییەکانە بۆ ئەمریکا و بازرگانییکردنە بە ماددەی هۆشبەرەوە لە وڵاتەکەیدا، پێشتریش بەڵێنیداوە لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتیدا باجی گومرگی بەرێژەی 25% زیاد بکات لەسەر مەکسیک و کەنەدا.
وادەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کۆشکی سپی نزیکدەبیتەوە و ململانێکانی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە لەگەڵ وڵاتانی مەکسیک، کەنەدا، پەنەما و چین روو لە زیادبوون دەکەن و هەر لێدوانێکی ترەمپ لەبارەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی لە کۆشکی سپی کاردانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.