عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، ڕێكەوتی 04ـی كانوونی دووەمی 2025 بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، “بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکانەوە ژمارەیەک کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق دادەخرێن.”
لە هەرێمی کوردستان-عێراق 20 کەمپی ئاوارە ماون، 16ـیان لە دهۆک و 4 دانەکەی دیکەیان لە هەولێر (ئەربیل).
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، “هەندێک کەمپ ژمارەیەکی کەمی ئاوارەیان تێدا ماوە. ئەوانە لەگەڵ کەمپی دیکە تێکەڵ دەکەین، وەکو کەمپەکانی حەسەن شام و خازر.”
عەلی عەباس ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم مانگە کەمپی نوێی گونجاو لە سنووری هەولێر (ئەربیل) ئامادە دەکەین و پێداویستییەکانیان دابین دەکەین، بۆئەوەی ئاوارەکانی ئەو کەمپانەیان بۆ بگوازینەوە کە دادەخرێن.”
نزیکەی 20 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەمێننەوە، 18 هەزاریان لە دهۆک و دوو هەزاریان لە هەولێر(ئەربیل)ن. عەلی عەباس دەڵێت، “حکومەتی عێراق لە کەمپەکانی دهۆک لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەکو نەوت و خۆراک بەردەوامە.”