نێچیرڤان بارزانى و فالح فه‌یاز: هێرشه درۆنییه‌كان زیان به ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فالح فه‌ییاز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كۆبوونه‌وه و رایانگه‌یاند، ده‌بێت عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات، ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌موان بێت.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردووه، به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له دووه‌مین رۆژى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ فالح فه‌یاز، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى كۆبووه‌وه و دۆخى ئه‌منیى عێراق و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر هێزه چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كانى عێراق و هاووڵاتییان، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزیه‌كان و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه، تاوتوێ كران.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، هه‌ردولا جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه، كه "ده‌بێت عێراق نه‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات، ئه‌وله‌ویه‌تى هه‌موان بێت".
له‌باره‌ی هێرشكردنه سه‌ر باره‌گای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، "هاوڕابوون كه به‌ئامانجگرتنى پێشمه‌رگه و هێرشه درۆنییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، زیان به ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت".
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی و فالح فه‌ییاز بوو.