وتەبێژی حکومەتی هەرێم: ئه‌گەر کەمپی مەخمور جۆڵەی چەکداری تێدا نەبێت تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆردوومانی بکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەردەوامی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخمور دەگەڕێتەوە بۆ "هەبوونی جموجۆڵی چەکداری لە ناو کەمپەکە، ئه‌گەر کەمپی مەخمور جۆڵەی چەکداری تێدا نەبێت تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆردوومانی بکات".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "کەمپی مەخمور بیانوی داوەتە دەست لایەنی بۆردومانکەر، ئه‌گەر جموجۆڵی چەکداری لەنێو کەمپەکە نەبێت، تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆ بۆردومانکردنی کەمپەکە، کەمپەکە بۆ ژن و منداڵ دروستکراوە، حەق نییە جوڵەی چەکداری تیا هەبێت و تورکیاش ئەو گومانەی هەیە".

هەروەها وتیشی، "ڕای حکومەتی هەرێم ڕوونە، دەبێت هەردولا کێشەکان ببەنە دەرەوەی هەرێم، ئەرکی عێراقیشە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی، ڕێگری بکات لەهێنانی بەریەککەوتن بۆ ناو خاکی کوردستان".