ئەعرەجی گەیشتە هەولێر و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت

لەبارەی رووداوەکەی چیای قەرەچوغ و پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بەو رووداوە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات. بەیانی ئەمڕۆ، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا، بڕیارە ئەعرەجی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبێتەوە و بەپێی زانیارییەکان لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە و بەدواداچوونەکان لەسەر رووداوەکەی چیای قەرەچوغ، لیژنەکە راپۆرتێک لەسەر ووردەکارییەکان و ئەنجامی بەدواداچوونەکان دەنووسێت و دوای تەواوبوونی، راپۆرتەکە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران دەکرێت.   شایەنی باسە دوابەدووای رووداوەکەی قەرچوغ، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی رووداوەکە و دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو ئاڵۆزییە کرد، قاسم ئەعرەجی سەرپەرشتی ئەو لێژنەیە دەکات کە لە لایەن سودانی لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە.   ئێوارەی ٢٢ی ئەم مانگە، لە چیای قەرەچوغ شەڕ و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و هێزێکی عێراقی دروست بوو و بەو هۆیەوە قوربانی لەهەردوولا کەوتەوە.