وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کۆبوونەوەی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی تورکیا بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە “ئالپئارسلان بایراکدار، وەزیری وزە سەرچاوە سرووشتییەکان لە 22ـی ئابی 2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە”.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوە، “هێڵی بۆڕی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا و چەند بابەتێکی جیاواز و بابەتی ناوچەیی تەوەری کۆبوونەوەکە بوون. هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگی هێڵی بۆڕی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا کردووە. هەروەها ئاماژەیان بە گرنگی نۆژەنکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکە بەتایبەتی دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووە”.
راشگەیەندراوە “هەروەها باس لە بەیەکگەیاندنی نەوت و گاز و کارەبا و پەرەپێدانی هاریکاری لە وزەی نوێبووەوە و کارایی وزە و رێکاری پێویست لەم بارەیەوە کراوە”.