مەسرور بارزانی: لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین
مهسرور بارزانی رایگهیاند، حکومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەمو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام "بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین"، چونکە "ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەمو پیلانێک بەهێزترە، بۆیە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین"، دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک".
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان، رایگهیاند، "پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا، زۆر بەرەوپێشچووە و گەشەی کردووە، ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسوڵگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی".
ئاماژهی بهوهشكرد، لە رووی نێودەوڵەتییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هەنگاوی زۆر باشی ناوە"، چ لە ڕوی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا.
مهسرور بارزانی باسی لهوهشكرد، هەرێمی كوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووریی و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامیی بووە لە عێراق و ناوچەکە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن.
وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەلماندویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە".
مهسرور بارزانی ئهوهشی وت، "هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی درێژ کردووە، بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێت و بپارێزرێت و پێویستە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت".
سهرۆكی حكومهتی ههرێم وتی، "سوپاسی هەمو ئەو وڵاتانە دهکەین کە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و هاتنەکایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بون لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، بە تایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ کردوین و بەردەوامیشن لە پشتیوانیکردنمان".
ئهوهشی خستهڕو، "حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی رابردوودا روبەڕوی چەندین قەیرانی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەمو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەمو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەمو پیلانێک بەهێزترە، بۆیە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین".