شاندەکەی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات.

لەوبارەوە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیای نزیک لەپارتی راگەیاندووە، بابەتی یاسای بودجە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت.

جەختیشی کردەوە: "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین".

وتەبێژی حکومەت، وتیشی: "مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە".

ئاماژەی بەوەشدا "سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە".