وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوام لە سنووری سلێمانی روونکردنەوە دەدات

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی میکانیزمێک دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی لە دەستچووی قوتابیانی پۆلی 12 و چۆنێتی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، راشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێخی تێدا ناکەن.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندنی وەرزی دووەم بە رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، دەستیپێکردەوە و لە دوای رێوەڕەسمەکە، ئالان حەمەسەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی پەروەردە لە سلیمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکوو رۆژی پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن لە زیاتر لە 750 ناوەند دەستی پێکردووەتەوە.

وتیشی: ئێمە درک بە دۆخی مامۆستایان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری تەواوی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی، چونکە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە هەردوو وەرزەکەی خوێندنی تێدایە.باسی لەوەش کرد، بەشێک لە قوتابخانەکان دەوامیان دەست پێ کردووەتەوە و هیوادارن تەواوی ئەو خوێندنگەکان لەو سنوورانەدا هەن دەست بە دەوام بکەنەوە.

سەبارەت بە قوتابیانی پۆلی 12، وەزیری پەروەردە وتی: لە ئەنجومەنی وەزارەت میکانیزمێک تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی نزانین چۆن بتوانین قەرەبووی ئەو قوتابیانە بکەینەوە، هەم لەڕووی کات و هەم بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەزاری. راشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێخی تێدا ناکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش زیاتر لە چوار مانگ داخستنی دەرگای هۆڵەکانی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، لە ئێستادا بەشێکی دەرگای خوێندنگەکان کراونەتەوە و لە بەشێکی دیکەش بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە.