بلینکن بۆ سوودانی: پێویستە پابەندی دەستگیركردن و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی هێرشەكان بیت
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدا و داوای كرد عێراق پابەند بێت بە پاراستنی ئەندامانی وڵاتەكە لە عێراق و سوریا.
ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، لە پەیوەندییەکەی نێوان ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پێشوازی کردووە لە هەوڵەکانی سوودانی بۆ لێپرسینه‌وه له تاوانباران و پاراستنی كارمه‌نده‌كانیان له عێراق و داواشی كردوە كە عێراق پابەندی دەستگیركردن و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو هێرشانە بێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشداوە، "گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەپشتیوانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەپێناو پێشێلکردنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق".
ئەوەش دوای ئەوە دێت، 8ی ئەم مانگە ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌ی سه‌وزی له‌ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك موشه‌كه‌وه كرایه ئامانج، بەڵام هیچ زیانێكی مرۆیی لێنه‌كه‌وته‌وه.
دوای هێرشەکەش پنتاگۆن رایگەیاند، وەڵامی توندیان دەبێت بۆ هەر هێرشێک بکرێتە سەر هێزەکانیان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی هێرشەکان بە مافی خۆیان دەزانن.