حکومەتی هەرێم لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی ڕابردوو 30-12-2023،  کاتژمێر 11:45 بە دوو  درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە".

پێشەوا هەورامی دەڵێت: "ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەلکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن. چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین".