داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی رابردوو بڵاوكرایەوە

وەزارەتی نەوت رایگەیاند:-کە داهاتی کۆتایی بۆ بڕی هەناردەکراوی نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەم زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.


وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، بڕی هەناردەی نەوتی خاو بۆ مانگی کانوونی یەکەم ڕابردوو،بەپێی ئاماری کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) بڵاوکراوەتەوە، بڕی (108) ملیۆن و (56) هەزار و (590) بەرمیل بووە، کە داهاتەکەی دەگاتە بڕی (8) ملیار و (311) ملیۆن و (34) هەزار دۆلار.


وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە، کۆی گشتی بڕی هەناردەی نەوتی خاو بۆ مانگی کانوونی یەکەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (107) ملیۆن و (592) هەزار و (532) بەرمیل بووە، کە تیایدا بڕی (464) هەزار و (58) بەرمیل هەناردەی وڵاتی ئوردن کراوە.


بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوت روونیشیکردۆتەوە، کە تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (76,914) دۆلار فرۆشراوە.


وەزارەتی نەوت لەبەیاننامەکەدا ئەوەشی خستۆتەروو، کە ئەو بڕەی هەناردەکراوە لەلایەن (44) کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە لە چەند وڵاتی جیاواز بارکراون لە هەریەک لە بەندەرەکانی بەسرە و خور زوبێر و هەروەها لە بەندەری جەیهانی تورکیا و کۆگاکانی عەمبارکردن لە کەرکوک لەرێگای تانکەرەوە.