ئەردۆغان: ئۆکراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ناتۆ

لە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدێمیر زێڵنسکی لە کۆشکی وەحدەددین لە شاری ئیستانبوڵ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ میوانداریکردنی زێڵنسکی و شاندی یاوەری لە ئیستانبوڵ دەربڕی.


ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە دواجار لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە شاری لڤیڤ لەگەڵ زێڵنسکی رووبەڕوو کۆبووەتەوە کە بە دۆستی ئازیز ناوی برد و گوتیشی: "بێگومان وەک دەزانن پەیوەندی تەلەفۆنی زۆرمان لەگەڵیدا (زێڵنسکی) ھەبووە و دەشبێت، لە بەرامبەر پێشھاتەکاندا، دۆستایەتی تورکیا و ئۆکراینا لە ھەموو روویەکەوە بەھێزتر بووە. لەو شەڕەدا کە لە رۆژی ٥٠٠ ھەمینی دا رۆژ دەکەینەوە، گەلی ئۆکراینا بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن، ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ رێگریکردن لە جەنگەکە لەو ساتەوەختەی کە مەترسی سەرھەڵدانی ململانێکان دەستی پێکردبوو".


سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان لەو رۆژەی گرژییەکان گۆڕاون بۆ پێکدادانی گەرم ئەم جەنگەیان رەتکردووەتەوە کە پێچەوانەی ماف و یاسای نێودەوڵەتییە.


ئەردۆغان وتی: "لەوەتەی لکاندنی کریمیا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکراینا لەسەر ھەموو سەکۆیەکان دەربڕی. ھەروەھا ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ئۆکراینا بە کردار نیشان دا بە پێشکەشکردنی ھاوکاری بەرجەستە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆیی و تەکنیکی".


سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردۆغان لەبارەی ھەوڵەکانی وڵاتەکەی لەمەڕ کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا گوتی: " بووین بەو وڵاتەی کە چڕترین ھەوڵمانداوە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ لە رێگەی دانوستان لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان".


ئەردۆغان باسی لە دووبارە ھەڵساندنەوەی ئۆکراینا کرد و لەمبارەیەوە رایگەیاند "ھەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش دەکەین بۆ دووبارە ھەڵساندنەوەی ئۆکراینا ".


سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی وتەکانیدا ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسە بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ھاوپەیمانی ناتۆ کرد و لەمبارەیەوە رایگەیاند کە بێگومان ئۆکراینا شایەنی ئەوەیە ببێتە ئەندامی ئەو ھاوپەیمانێتییە.
ئەردۆغان لەبارەی رێکەوتنی رێوڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش ھیوای خواست کە ئەو وادەیەی کە لە ١٧ی تەمموز کۆتایی دێت، دووبارە درێژ بکرێتەوە.


ئەردۆغان ھەر لەبارەی رێککەوتنەکە گوتیشی: " چاوەڕوانی ئەوەین لانیکەم ببێتە سێ مانگ جارێک نەک ھەر دوو مانگ جارێک. ھەوڵ دەدەین ئەو ماوەیە بۆ دوو ساڵ درێژ بکەینەوە".


سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئاڵوگۆڕی دیلەکان کرد و گوتی : "لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، لە ئێستادا گوێبیستی سەرۆکی ئۆکراینا بووین، لەگەڵ لایەنی رووسیاش لە گفتوگۆ داین".


سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە لە مانگی داھاتوودا پوتین سەردانی تورکیا دەکات و گوتی: " دووبارە دەرفەتی ئەوەمان دەبێت رووبەڕوو تاوتوێی ئەمە (ئاڵوگۆڕی دیلەکان) بکەین".