ئاوات شێخ جەناب: پارەی پێویستمان بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 نییە

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، هێشتا 400 ملیار دینارەكەی بەغداد كە بڕیاری لەسەر داوە نەگەیشتووە و دەشڵێت، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستدایە بەشی مووچەی مانگی 4 ناكات”.

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری  لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "دەمەوێت بەراستی قسە بکەم، ئەو پارەیەی ئێستا هەمانە بۆ موچە 70-80 ملیارمان لەبەردەستدایە جگە لە 400 ملیار دینارەکە، ئەمەش بەتەنها بەس نیە بۆ مووچە، دەبێت بەزویی کێشەی عێراق و تورکیا چارەسەر بکرێت، پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونکە پارەمان بۆ نەیەت، ئێمە کورتهێنانی 500 ملیۆن دينارمان هەیە بۆ مووچە".

وتیشی، "بەپێی یاسای بودجە و رێکەوتنەکەمان لەگەڵ بەغداد، لەبەرپرسیارێتی عێراقدایە ناردنی بودجە و ئێمە نەوتمان رادەستکردووە".

سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینارەکە، ئاوات جەناب نوری ئاشکرایکرد، "ئەمڕۆ هەژمارێکی بانکیمان لە بانکی رەشید کردۆتەوە، دەبێت هەژمارێکی بانکی لە بانکی رافدەینیش بکەینەوە، هەریەکەیان 200 ملیار دینارمان بۆ دەنێرن، بەڵام بەکرداری پارەکە نەگەیشتووە".

وتیشی، "لەبەرئەوەی بەغداد پرۆسەیەکی درووستکردوە ناوی ناردنی 400 ملیار دینارەکەیان ناوە قەرز، بۆیە دەبێت لەرێگەی بانکە حکومیەکانەوە بنێردرێت و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ تەرخانبکرێت و ئێمەش سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانین".