كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق: ناتوانرێت ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكان و پهرلهمانی هەرێم بهیهكهوه بكهین
تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کاری کۆمسیۆنی هەرێم تەواوبووە و ناتوانێت دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بکات و هەزار و 500 دەنگدەری نوێ لە هەرێم تۆمارکراون و وتیشی، "ناتوانرێت هەڵبژاردنی هەرێم و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە ئەنجامبدرێت."
عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، نوسراوێک بە کۆمسیۆن گەیشتووە لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی کۆمسیاران گفتوگۆی لەبارەی میکانیزمی کار و رێکاری تایبەتی ئەو هەڵبژاردنەی هەرێم دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 173 ناوەندی تۆمارکردنی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی کردووەتەوە و پێشوازی لە دەنگدەران دەکات لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 14:00ـی دوای نیوەڕۆ.
ئەوەشی خستەڕوو، هەزار و 500 کەسی نوێ بۆ لیستی دەنگدەرانی هەرێم زیادیانکردووە و میکانیزمی هەڵبژاردنەکانی کوردستان جیاوازە چونکە ژمارەی دەنگدەران سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە و لە رێگەی کارتی بایۆمەتری ئەنجامنادرێت بەڵکو بە تۆماری کاغەزی ئەنجامدەدرێت.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا کۆمسیۆن یاسای هەڵبژاردنی لە هەرێمەوە پێنەگەیشتووە لە ئێستادا قورسە وادەی هەڵبژاردنی هەرێم دیاریبکرێت و وتیشی، "ناتوانرێت هەڵبژاردنی هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت."
ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکاری کارگێری و تەکنیکی کراوە و ناوەندی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێم بوونی هەیە و لەلایەن هەزار و 500 کارمەندەوە بەرێوەدەبرێت و کاری کۆمسیۆنی هەرێم کۆتایی هاتووە و ناتوانێت لەم هەڵبژاردنە دەستێوەردانی هەبێت و هەڵبژاردنی هەرێم لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت.