سوودانی گەیشتە نەینەوا
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە و بەسەرکردنەوەی قوربانیانی رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا.
نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، “سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ نەینەوا، کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە و بریندارەکان بەسەردەکاتەوە”.
درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران لە قەزای حەمدانییە کەوتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندارن.
دوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و لیژنەیەکیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا. پارێزگای نەینەوا یەک هەفتە ماتەمینیی راگەیاند و لە هەرێمی کوردستانیش سێ رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا.
دوێنێ 27/9/2023، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا 47 بریندار لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن، 20 برینداریش لە شاری دهۆک چارەسەر دەکرێن و تائێستاش ئەو بریندارانەی برینەکانییان سەختە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.