هێلی ئاسمانی بەریتانیا سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب راگرت

دوای ئەوەی هێزەکانی حەماسی فەڵەستینی رایگەیاند، هێرشیان کردوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تەلئەبیب، هێلی ئاسمانی بەریتانیا سەرجەم گەشتە ئاسماییەکانی بۆ ئەو فڕۆکەخانەیەی ئیسرائیل راگرت. ئەو کاتەی هێڵی ئاسمانی بەریتانیا گەشتەکانی راگرت، فڕۆکەیەکی گەشتیاری سەر بە هێڵەکە نزیک دەبویەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تەل ئەبیب، دوای گەیشتنی بڕیارەکە کاپتنی فڕۆکەکە راستەوخۆ گەڕایەوە بەرەو فڕۆکەخانەی هیسرۆوی بەریتانیا لە لەندەن. لەو بارەیەوە وتەبێژی دەستەی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکی هێزەکانی حەماس ئاڕاستەی دەوروبەری تەلئەبیب کران، بەڵام هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی تەلئەبیب دروست نەکرد. ئەوەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی لیواکانی قەسامی سەر بە بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی رایگەیاند، لە رێگەی موشەکەوە ناوچەکانی دەوروبەری تەلئەبیب و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردوەتە ئامانج. ماوەی چوار رۆژە جەنگ لە نێوان هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل هەڵگیرساوە و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە، زیاتر لە هەزار و 600 کەس کوژراون.