نێچیرڤان بارزانی: ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خێر و خۆشى بێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نێچیرڤان بارزانی: ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خێر و خۆشى بێت

نێچیرڤان بارزانی: ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خێر و خۆشى بێت

كانونی یه‌كه‌م 31, 2024 17:16
نێچیرڤان بارزانی: ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی و خێر و خۆشى بێت
0

لایک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق به‌بۆنه‌ى هاتنى ‌ساڵی نوێی 2025ی زاینییەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و هیوای خواست ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشى بێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان – عێراق لە پەیامە پیرۆزباییەكەدا ڕایگەیاند “به‌بۆنه‌ى هاتنى ‌ساڵی نوێی 2025ی زاینییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ته‌واوى هاووڵاتييانى ئازيز دەکەم، بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ناوخۆ و هەموو پێکهاتەکانی كوردستان – عێراق، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى له‌ ته‌واوى گه‌لانى عێراق و جيهان ده‌كه‌م. هيوادارم ساڵى نوێ بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت”.

ڕاشیگەیاند “ساڵی 2024 گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە لە ناوچەکه‌دا هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ئاڵنگاریی ئەمنی و سیاسیيان کاریگەری لەسەر دۆخى هه‌موو ناوچەکە دروست كردووه‌. ئەم پێشهاتانە پێویستيی بيركردنه‌وه‌يه‌كى باڵا و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كده‌نگيى ناوخۆیيمان لێ ده‌خوازن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ده‌کەن، هه‌روه‌ها بۆ سوودوه‌ر‌گرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان”.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها ڕایگەیاند “داوا لە هەموو لايه‌نه‌ سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەکەم هه‌مووان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان و بە گیانی بەرپرسیاريه‌تيی نیشتمانيی هاوبه‌شەوە، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن. له‌م دۆخ و قۆناغه‌دا پێكه‌وه‌يى و کاری هاوبەش تەنها ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان – عێراق و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان، بۆيه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى په‌له‌كردن له‌ دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌مه‌وه”.

سەرۆكی هەرێمی ئاماژەشی دا “هەر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پابەنديى هه‌رێمى كوردستان – عێراق بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوبەشە هه‌رێمی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشه‌كان دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌‌ هاوكاريى نێوانمان ده‌بێته‌ هۆكارێكى سه‌قامگيرى و ئاشتی و گەشەسەندن لە عێراق و ناوچەکەدا و يارمه‌تيى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ى گه‌لان و پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌دات”.

لە كۆتایی پەیامە پیرۆزباییەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاند “هه‌رێمى کوردستان به‌ ویست و ئیرادەی دڵسۆزانه‌ى گەلەکەی له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و هێزه‌ نيشتمانييه‌كانى، توانای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوونی لە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە. با به‌ هیوا و ئومێده‌وه‌ ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کاری جددی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان”.


En az 10 karakter gerekli