سەرۆکوەزیرانی عێراق: نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا

محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا، و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و گەشەپێدان و ژینگەدا، هەروەها گرنگی خۆی هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی پشتی پێدەبەستن، بۆ بەرهەمهێنان یان بەکارهێنان.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی بەشدارییکردنی لە 63ـیەمین ساڵیادی دامەزراندی رێكخراوی ئۆپێک لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، و له‌ئه‌نجامی ئه‌م كۆنگره‌یه‌دا رێكخراوی ئۆپێك فەرمی راگه‌یەندرا، وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەخێرهاتنی میوانانی ئه‌ندامانی ئۆپێکی له‌وەزیرانی نەوت کرد، و یەکەم هه‌نگاوی دامه‌زرێنه‌رانی رێکخراوەکەی بەر لە 63 ساڵ پێش ئێستا وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئۆپێک بووەتە یەکێک لە گرنگترین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

سوودانی باسی لە گرنگی نەوت وەک سەرچاوەکی سەرەکی وزە لە جیهاندا کرد و وتی "نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە لە جیهاندا و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و گەشەپێدان و ژینگەدا، هەروەها گرنگی خۆی هەیە بۆ ئەو وڵاتانەی پشتی پێدەبەستن، بۆ بەرهەمهێنان یان بەکارهێنان".

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دامەزراندنی ئۆپێک کرد و رایگەیاند "کاتێک ئۆپێک دامەزرا، سامانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا قۆرخکارەکانەوە بەڕێوەدەبرا کە وایکردبوو وڵاتان سەروەریی و کاریگەریی خۆیان لە بازاڕی نەوتدا لەدەست بدەن".

وتیشی "ئێستا ئەندامانی ئۆپێک بە سەروەرییەکی تەواوەوە پلانی نەوت و بەرهەمهێنان و پیشەسازی خۆیان بەڕێوەدەبەن و سیاسەتی نەوتی خۆیان دادەڕێژن".

محەمەد شیاع سوودانی باسی لە بەرپرسیارییەتی ئۆپێک کرد و وتی "بەرپرسیارێتی رێکخراوەکە لە سنوورەکانی هەناردەکردندا کۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێته‌وه‌ بۆ پرۆسەکانی رێکخستنی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخ، بەمەبەستی گەیشتن بە نرخێکی دادپەروەرانە بۆ بەرهەمهێنەران و بەکاربەران".

سوودانی لەبارەی گازی سرووشتییەوە رایگەیاند "هاتنە ناوەوەی گازی سرووشتی و گازی هاوەڵ بۆ ناو بازاڕی وەبەرهێنانی وزە بەرپرسیارێتی نوێی بۆ وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک زیاد کردووە".

راشیگەیاند "گاز بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ زۆرێک لە پیشەسازییەکان، ئەمەش پێویستی بە وڵاتانی ئەندام هەیە ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە، لەبەرچاو بگرن".

سوودانی باسی لەوەکرد کە عێراق ساڵانێکی زۆرە، پشتی بە نەوت بەستووە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ئابووری و پارە، و گازی سروشتی و گازی هاوەڵی پشتگوێ خراوە، ئەمەش دەرفەتی گەشەپێدانی زۆری لەدەستداوە، هەروەها کاریگەرییە ژینگەییەکانی هاوەڵی پیشەسازیی نەوتیشی لەدەست داوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایشی کرد گرێبەستی گرنگیان بۆ وەبەرهێنان لە گازی سروشتی و هاوەڵدا واژوو کردووە.

لەبارەی وەبەرهێنان لە بواری گازدا، سوودانی وتی "وەبەرهێنان لە گاز کۆتایی بە بەهەدەردانی سامانی گاز دەهێنێت کە تێچووی ساڵانەی نزیکەی چوار ملیار دۆلارە بۆ عێراق".

سوودانی راشیگەیاند، کارئاسانیکردن بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیان داناوە.

وتیشی "ئەمڕۆ جیهان بەدوای ئەڵتەرناتیڤەکانی وزەی کۆندا دەگەڕێت، و بەرەو سەرچاوەی وزەی جێگرەوە دەڕوات، کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەبێتە رکابەری نەوت و گاز".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت لەمەودوا ئامادەکاری بکەن، و پلان دابنێن بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ گۆڕنکارییە جیهانییەکان بەرەو جێگرەوەکانی وزە.